زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

زانکۆی گەرمیان چەند پرۆژەیەکی گرنگی بەدەستھێنا

2024-07-30

دوابەدوای ھەوڵە بەردەوامەکانی زانکۆمان بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە زانستییە نێودەوڵەتیەکان و دروستکردنی پەیوەندی زانستی لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندن لە جیھاندا،بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتیەکان و ڕاگەیاندنی زانکۆمان ڕایدەگەیەنێت کە لەماوەی ئەم دوو مانگەی ڕابوردوودا واتا مانگەکانی شەش و حەوتی ٢٠٢٤ چەند پرۆژەیەکی نێودەوڵەتی بۆ زانکۆمان پەسەند کراوە و ڕەزامەندی لەسەردرا،بەبودجەی تەرخانکراو، هەروەها چەند ڕێکەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنی واژۆ کرد لەگەڵ چەند زانکۆ و ڕێکخراوێکی نێودەڵەتیدا کە بریتین لەمانەی لای خوارەوە:-

یەکەم:- پروژە نێودەوڵەتییەکان؛

١- پرۆژەی تایبەت بە بەهێزکردنی تواناکان بەناونیشانی ( بە نێودەوڵەتی کردنی زانکۆ و ڕاهێنانی کەسەکان بۆ سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی کاری بازرگانی و بەدەست هێنانی قازانج) کە دووساڵ دەخایەنێت و لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت و لەلایەن ڕێکخراوی یونیمیدی ئیتاڵی کە زانکۆمان ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە سەرپەرشتی دەکرێت.

٢- بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی بەشی کیمیا لەهەردوو کۆلێجی پەروەردە و زانستی زانکۆمان دوو گرانتی نێودەوڵەتی لەبواری کیمیادا ڕەزامەندی بۆ وەرگیرا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پاڵپشتی دارایی دەکات، یەکێکیان بەبڕی حەڤدە هەزار دۆلار و ئەویتریش شەش هەزار دۆلارە.

٣-  بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی میساکی ئیتاڵی بۆ ئاسەوار، پرۆژەیەکی تایبەت بە ئاسەوار  پەسەند کرا و  ڕەزامەندی  پاڵپشتی دارایی بۆ وەرگیرا لە زانکۆی بۆڵۆنای ئیتاڵی کە یەکێکە لە بەناوبانگترین زانکۆکانی ئیتاڵیا.

٤- زانکۆمان بەهەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی ئۆڵدن بۆرگی ئەڵمانی و بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆکانی دهۆک، زاخۆ، موسڵ و کوفە پرۆژەیەکی نوێی تایبەت بە پەروەردەی گشتگیر و پەروەردەی تایبەت پەسەند کرا لەلایەن ڕێکخراوی DAAD ی ئەڵمانییەوە.

دووەم:- ڕێکەوتننامەکانی لێکتێگەیشتن؛

١- ڕێکەتننامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆی Murciaی ئیسپانی واژۆ کرا کە هەموو ئەو بواری خوێندنانە دەگرێتەوە کە لەزانکۆی ناوبراودا بەردەستە و چەندین ئاڵوگۆڕی زانستی و ئەکادیمی لەخۆ دەگرێت و بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام دەبێت.

٢- ڕێکەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ڕێکخراوی میساک (MiSAK)ی ئیتاڵی بۆ گرنگیدان بە ئاسەوار و شوێنە مێژووییەکان واژۆ کرا بۆ کاری هاوبەش.

٣- زانکۆمان و ژمارەیەکی بەرچاو لەزانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتننامەیەکی واژۆ کرد لەگەڵ چواردە زانکۆی ئوردنی و کۆمیسیۆنی متمانەبەخشین بەزانکۆکان.

سێیەم:- دەرفەتی ئاڵوگۆڕکردنی خوێندکار لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان؛

زانکۆی Sapienza ی ئیتاڵی لەڕۆمای پایتەخت دەرفەتی ڕەخساند بۆ خوێندکارانی زانکۆمان بۆ ئەوەی کۆرسێکی خوێندن ( semester) لەزانکۆی ناوبراو بخوێنن ئەمەش لەدەر ئەنجامی ڕێکەوتنمان لەگەڵ زانکۆی ناوبراودا لەساڵی ٢٠٢٣.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2024