بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی زانکۆی گەرمیان، لە ڕۆژانی (٤ بۆ ١٤ی ئابی ٢٠٢٦) بەشداری لە خولێکی تایبەت بە "پەیڕەویکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە بواری پاراستنی تەندروستی و بەڕێوەبردنی پاکێتکردنی خۆراک" (Global Compliance in Food Packaging Safety and Management) لە وڵاتی هیندستان کرد.
خولەکە لەلایەن (پەیمانگەی هیندی بۆ پێچانەوە IIP) لە شاری دەلهی ڕێکخرابوو، کە یەکێکە لە ناوەندە پێشکەوتووەکان لەسەر ئاستی جیهان لە بواری پێچانەوە و پاکێتکردنی بەرهەمە جیاوازەکاندا.
(مامۆستای یاریدەدەر ئەرکان محمد حەسەن) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆ، وەک تاکە بەشداربووی عێراق لە کۆی (٢٨) بەشداربووی وەرگیراو لە (١٨) وڵاتی جیاوازی جیهانەوە ئامادەی خولەکە بوو، کە سەرجەم تێچووی خولەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی هیندستانەوە لەئەستۆگیرابوو.
