ڕۆژی سێشەممە (١٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥)، لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامی ساڵی نوێی خوێندن، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆی گەرمیان وۆرکشۆپێکی زانستی بەناونیشانی (پەیڕەوکردنی ستانداردەکانی تەندروستی و سەلامەتی لە بنیاتنانی ژینگەیەکی پارێزراو لە تاقیگەدا) ئەنجامدا.
وۆرکشۆپەکە لە هۆڵی شێروانە لە کۆلێجی زانست بەڕێوەچوو، کە هەریەکە لە
(پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ڕەحمان عەزیز محەمەد موراد و د. ئەمیر محەمەدئەمین محەمەد) باسیان لە گرنگی پەیڕەوکردنی رێنماییەکانی تەندروستی و سەلامەتی کرد، لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکاری لە تاقیگەدا و پاراستنی ئامێر و کەلوپەلەکانی.
ئامانجی سەرەکی وۆرکشۆپەکە، ئاگاداربوونی زیاتر و هۆشیاری لەسەر جێبەجێکردنی رێنماییەکانی پاراستنی تەندروستی و دروستکردنی ژینگەیەکی پارێزراو و سەلامەت لە ناو تاقیگەدا، بە تایبەتی بۆ خوێندکاران و فەرمانبەران و مامۆستایانە.
لەکۆتاییشدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی بەشە زانستییە جیاجیاکان ئامادەبوون، پرسیار و سەرنجەیان لەبارەی ناوەڕۆکی وۆرکشۆپەکەوە خستەڕوو.