ڕۆژی پێنجشەممە (٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤) لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، هۆڵی دادگای گریمانەیی دادوەر د.فەرهاد حاتەم، لە بەشی یاسای زانکۆی گەرمیان کرایەوە.
هۆڵەکە لەلایەن دادوەر (ڤینۆس بەکر) هاوسەری دادوەر د.فەرهاد حاتەمەوە کراوەیە، دواتر (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) لە وتەیەکدا بۆ ئامادەبووان ڕایگەیاند: د.فەرهاد حاتەم یەکێک بوو لە دیارترین ناوەکان لە نێو کایەی دادوەریی لە هەرێمی کوردستاندا، بە توێژینەوە و نوسینی کتێب و هەوڵە کەسییەکانی لە خەمی باشتر جێبەجێکردنی یاسا و کاراکردنی ڕۆڵی داواکاری گشتی و پاراستنی مافی گشتیدا بوو، بۆیە بەپێویستمانزانی وەک وەفا بۆ ئەو خزمەتانەی؛ هۆڵی دادگای گریمانەیی بەشی یاسای بەناوەوە بنێین.
لە مەراسیمەکەدا، کەسوکاری کۆچکردوو د.فەرهاد حاتەم و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و ژمارەیەک دادوەر و سەرۆک بەش و مامۆستایانی بەشی یاسا ئامادەبوون، دواتریش کتێبخانەی (پ.د.مستەفا زەڵمی) لە بەشی یاسا کرایەوە، کە چەندین کتێب و سەرچاوەی زانستی گرنگی تێدایە و فێرخوازانی بەشەکە دەتوانن سودی لێببینن.
جێگای ئاماژەیە، دادوەر فەرهاد حاتەم، لە ساڵی ١٩٧٤ لە گەرمیان لە دایک بووە، لە ساڵی ١٩٩٦ بەکالۆریۆس لە بەشی یاسادا بەدەستهێناوە، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ پارێزەر بووە و داکۆکی لە کەسوکاری ئەنفالکراوان کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ بووە بە ئەندامی داواکاری گشتیی، و دواتریش سەرۆکی فەرمانگەی داواکاریی گشتی سلێمانی بووە، خاوەنی حەوت کتێبە لە بواری یاسایی، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ٢ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٢، بە نەخۆشی کتوپڕ لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی کەلار بەخاک سپێردرا.