دوێنێ پێنجشەممە (١٦ـی ئایاری ٢٠٢٤) بەڕێوەبەری سەنتەری جینۆسایدی زانکۆمان ( پ. د. ئومێد بەرزان ) هاوڕێ لەگەڵ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید و چالاکوانان،بەشدارییان لە ساڵیادی گۆڕەبەکۆمەڵەکان کرد.
لە چوارچێوەی کارو بەرنامەکانی سەردانەکەدا، سەرەتا سەردانی شاری سەماوەیان کرد و چەندین چالاکییەک پێشکەشکران ، لەوانە نمایشکردنی ٣٦ تابلۆی فۆتۆگرافی، وتەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، وتەی پارێزگای سەماوە، ھەروەھا نمایشکردنی شانۆی مرۆڤی ( ژێر لم ) لەلایەن هونەرمەند (پشکۆ محەمەد ڕۆستەم) ەوە، هەروەها خوێندنەوەی چەند پارچەشیعرێک بە زمانی عەرەبی.
پاشان شاندەکە بەرەو قەڵای ( نوگرەسەلمان ) بەڕێکەوتن و چەند چالاکییەکی هونەری و ڕۆشنبیری وەک نمایشکردنی سێ شانۆ و دانانی ٣٦ فانۆس و مۆمی یادەوەری بۆ ساڵیادی تاوانی ئەنفال، پاشان دانانی چوار تابلۆی بەردینی شەهیدانی ئەنفالکراوان، هەروەها دانانی تاجەگوڵینەی ڕێزلێنان لەناویاندا تاجە گوڵینەی زانکۆی گەرمیان، لەکۆتا بڕگە سەردانی دەشتەکانی ( نوگرە سەلمان )یان کرد، بە مەبەستی دیداری گۆڕی ئاریزەکان، کە میوانی خاک و بیابانەکانن.