زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

سەنتەری جینۆساید لە زانکۆی گەرمیان کرایەوە

2024-03-12

ئەمرۆ دووشەممە(١٢ـی ئازاری ٢٠٢٤) لەنێو بینای سەرۆکایەتی دووی زانکۆ، بە ئامادەبوونی (پ.د.فەرھاد قادر)سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و (ڕامیار عبدالرحمان) جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و (سالار مەحمود)لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و (پ.ی.د.یادگار عەلی مەحمود)یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەشێک لە لێپرسراوانی حزبی و حکومی کەسوکاری ئەنفالکراوان و میوانان ئامادەی بوون ،شەرەفی کردنەوەی سەنتەری جینۆسایدی زانکۆمان بەخشرا بە (م. بختیار محمود )تاقانەی ئەنفال و خوێندکاری ماستەر لە بەشی دەروونناسی کۆلێجی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆمان.

سەرەتا مەراسیمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستیپێکرد.

دواتر وتەی بەخێرھاتن و ناساندنی سەنتەرەکە لەلایەن (پ.د.ئومێد بەرزان) بەڕێوەبەری سەنتەری جینۆسایدی زانکۆی گەرمیان پێشکەشکرا.

پاشان نمایشێکی ڤیدیۆی لەسەر کار و چالاکییەکانی زانکۆی گەرمیان، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو تایبەت بە دۆسیەی ئەنفال خرایە ڕوو.

دواتر سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد ؛و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد کە ٣٦ ساڵ پێش ئێستا لەم شوێنەی کە ئێستا سەنتەری جینۆسایدی زانکۆی گەرمیانی تێدا دەکەینەوە ،کەسوکاری ئێمەی گەرمیانی لەچوارچێوەی قۆناغی سێیەمی ئەنفالدا لە چەند شوێنێک کۆکرانەوە یەکێک لەو شوێنانە ئەم شوێنەیە کە ئێستا ئێمەی تێدایین بە بینا ڕەشکە ناودەبرا.

لەدرێژەی وەتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەکرد ،کە لە ساڵی ٢٠٠٤ واتە بیست ساڵ پێش ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ،بڕیاریاندا بە کردنەوەی کۆلێجی پەروەردە لە شاری کەلار کە سەر بە زانکۆی سلێمانی بێت ئەم بیناییە بوو بەشێک لەو کۆلێجە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ڕژێمی بەعس کە ویستیان میللەتی کورد لەنابەرن و پێیان بڵێین کە ئەو شوێنەی ئێمەی تێدا کۆدەکەنەوە بۆ لەناوبردن ئێمە دەیکەین بە دامەزراوەی ئەکادیمی و خزمەتی وڵاتی پێدەکەین ، ھەر ئەم کۆلێجە بوو بە ھەوێنی دامەزراندنی زانکۆی گەرمیان لە ساڵی ٢٠١٠.

دکتۆر فەرھاد قادر ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆی گەرمیان لەماوەی ١٤ ساڵی تەمەنی خۆیدا چەندین چالاکی زانستیی و رۆشنبیریی و ھونەریی تایبەت بەو یادە ھەبووە لە توێژینەوەی زانستیی و وۆرکشۆپ و سیمینارات و مەراسیمی تایبەت بەو یادە، بەلام سەرباری ئەوانە بە پێویستمان زانی ھەوڵەکان چڕترو فرە لایەنتر بێت و بەشێوەیەکی ڕێکخراوتر کاری لەسەر بکرێت ،و ھەوڵەکان لەچوارچێوەی ھەوڵی تاکەکەسی دەربچێت .ھەربۆیە ساڵی پار بیرۆکەی ئەم سەنتەرەمان گەڵاڵەکرد و کارمان لەسەر کرد تاوەکو ئەمرۆ لەم مەراسیمەدا کرایەوە.

لەکۆتایی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ باسی لەوەکرد کە ئەم سەنتەرە ئەرک و ئامانجی گەورە و فراوانی ھەیە، نامانەوێت تەنھا لە بواری توێژینەوە و چالاکییە زانستییەکان بێت ،بەڵکو دەمانەوێت وەکو کتێبخانە و مۆزەخانەیەکی تایبەت بە جینۆساید ،لە ھەمان کاتدا پەیوەندیەکی تۆکمەی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا ھەبێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری ئەو کەیسە، و داوای کرد لە نوسەران و لێکۆڵەران و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا  کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید ھاوکاری سەنتەرەکە بن ،بۆ ئەوەی ئامانجەکانی ھەنگاو بە ھەنگاو بەدەست بێنن. سوپاسی ھەموو ئەو لایەن و کەسایەتی و ڕێکخراوانەی کرد کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ھاوکار و پشتیوانی زانکۆی گەرمیان بوونە لە بەرز ڕاگرتنی ئەو یادە.

ھەر لە درێژەی مەراسیمەکەدا سەنتەری جینۆسایدی زانکۆی گەرمیان وەکو یەکەمین چالاکی خۆی بە ھەماھەنگی لەگەڵ  یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان، ناساندنی بۆ کتێبی (دۆسیەی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق) لە نوسینی نوسەر و لێکۆڵەر (سالار مەحمود)کرد.

لە وتەیەکدا سالار مەحمود ئاماژەی بە کێشەو گیروگرفتەکانی دۆسییەی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کرد ،کە خۆی لە چەند دانیشتنێکدا ئامادەی ھەبووە و وەکو توێژەر و لێکۆڵەر لەو بوارەدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی لەچوارچێوەی کتێبێکدا چاپ کردووە و تیایدا کۆمەڵێک رەھەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەرونی و دۆخی دادگاکەی خستۆتە ڕوو.

لە درێژەی وتەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد دەبوو پرسی لەسێدارەدانی سەدام حسێن و دارودەستەکەی تەنھا لەسەر پرسی دوجەیل نەبوایە ،بەلکو دادگاییەکان بەردەوامی ھەبوایە و یەکێک لەو ئامانجانە پرسی گەورەی جینۆساید لە دۆسیەی ئەنفال و کیمیابارانی ھەلەبجە بوو ،کە دەبوایە لەسەری بە سزایی خۆی بەگەشتاییە کە نەبوو.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2024