ڕۆژی سێشەممە (٧ى نیسانی ٢٠٢٦)، حەوتەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی زانکۆی گەرمیان بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بەناونیشانی ( مەترسییە ژینگەییەکان لە ناوچەى گەرمیان و چۆنێتی بەڕێوەبردنیان) دەستیپێکرد و ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆنفرانسەکە لە هۆڵی شێروانەى زانکۆی گەرمیان، بە ئامادەبوونی (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێجەکانی کەمپی زانکۆ وتوێژەران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ بەڕێوەچوو.
لەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا، (٦٠) توێژەر لە (هەرێمی کوردستان، ئێران، سعودیە و سوریا) بە (٢٧) توێژینەوەى زانستی بەشدارییان تێداکردووە.
لەدەستپێکدا سەرۆکی زانکۆی گەرمیان وتەیەکی پێشکەشکرد و سوپاسی سەرجەم لیژنەکانی بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکەى کرد و ڕایگەیاند: ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیاردا، کە ناوچەکەمان و جیهان بە گشتی لەبەردەم ئاڵەنگارییەکی ژینگەیی بێوێنەدان، لە تێکچوونی خێرای زەوییە کشتوکاڵییەکان و گەشەی شارنشینیی بێ پلانەوە، تا دەگاتە لێکەوتە قورسەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هەموو ئەوانەش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی ژیان و داهاتووی نەوەکانمان دەردەکەون.
لە بەشێکی دیکەى وتەیەکدا (پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ)، سوپاسی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی کرد بۆ لەئەستۆگرتنی سەرجەم تێچووی کۆنفرانس و وتیشی: چاوەڕوانی ئەوەین ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنفرانسە ببنە بنەمایەک بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی ژینگەیی کارا خاڵی وەرچەرخان بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەى گەرمیان و بنیادنانی داهاتوویەکی تەندروستتر بۆ کوردستان.
دواتریش هەریەک لە نوێنەری ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی و سەرۆکی لیژنەى ئامادەکاری کۆنفرانس وتاریان پێشکەشکرد، پاشان هەریەکە (پ.د.سایە سەلام صابر، پ.د.لوقمان وسو عومەر، پ.د.عەلی عەبدوڵا دۆسەرى و پ.ی.د. هێرمان کۆلگ) وەک قسەکەری سەرەکی کۆنفرانس سیمیناریان پێشکەشکرد.
لە ئێوارەى ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانیشیدا لە چوارچێوەى چوار پانێڵ، ژمارەیەک توێژینەوەى زانستی پێشکەشکران بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆنفرانسەکە کۆتایی بە کارەکانی بهێنرێت.
