ڕۆژی سێشەممە (٦ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦)، مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی سمستەری پایزە و کردنەوەی تاقیگەیەکی زانستی، (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کەمپی زانکۆی لە شاری خانەقین بەسەرکردەوە.
لە سەردانەکەدا، کە (د.شێرزاد عەلی ئەحمەد) بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا کاروباری زانستی یاوەریبوو، (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل) هۆڵی تاقیکردنەوەکانی کۆلێجی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و کۆلێجی کۆمپیوتەر و تەکنۆلۆجیای زانیاری بەسەرکردەوە و دواتریش لەگەڵ لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان کۆبووەوە.
هەر لەچوارچێوەی سەردانەیەکەیدا، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا تاقیگەیەکی تایبەت بە دەنگ لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێجی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان کردەوە.
تاقیگەکە سودێکی زۆری بۆ خوێندکاران هەیە و دەتوانن دەنگی خۆیان تۆماربکەن و دواتر بۆ چاککردنەوەی هەڵەکانیان گوێی لێبگرنەوە، هەروەها دەفەرت بۆ خوێندکاران دەڕەخسێنێت تاوەکو گوێ لە دەنگەکانی زمانی ئینگلیزی بەشێوەی جیاواز و فێربوونی تێگەیشتن لە شێوەزارە جیاوازەکان بگرن.
