زانکۆی گەرمیان
هەواڵەکان

سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ڕێزلێنانی پێشکەش بە مامۆستایەکی زانکۆ کرد

2025-09-28

دوابەدوای تۆمارکردنی ناوی مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان لە لیستی (٢٪) زاناکانی جیهان، سەرۆکی زانکۆ خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بەو مامۆستایە کرد.

ڕۆژی یەکشەممە (٢٨ـی ئەیلولی ٢٠٢٥)، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان پێشوازی لە (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.حەیدەر ئیبراهیم محەمەد) سەرۆکی بەشی فیزیا لە کۆلێجی پەروەردە کرد و سوپاس و پێزانینی سەرۆکایەتی زانکۆی ئاراستەکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەمساڵی زانکۆی ستانفۆرد، (پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.حەیدەر ئیبراهیم) ناوی لە لیستی (٢٪) زاناکانی جیهان تۆمارکراوە، کە زانکۆی ستانفۆرد بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئیلسیڤیەر بۆ دیاریکردنی توێژەرە سەرکەوتووەکانی جیهان دەریدەکات.

لە دیدارەکەیدا سەرۆکی زانکۆ ڕایگەیاند، شانازی بە ستافی ئەکادیمی لە نمونەی (د.حەیدەر ئیبراهیم) دەکەن و بەوپەڕی تواناوە پاڵپشت و هاوکار دەبن بۆ بەدەستهێنانی پلە و پێگەی زانستی و ئەکادیمی زیاتر و باڵاتر.

لایخۆیەوە سەرۆکی بەشی فیزیا، سوپاسی سەرۆکی زانکۆی گەرمیانی کرد و بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە هەوڵە زانستییەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ناووناوبانگی زانکۆ لە ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانی جیهاندا.

بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک، مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان ناوی لە لیستەکەی زانکۆی ستانفۆرد تۆمار دەکرێت، کە داتاکانی ئەو ڕیزبەندییە لە داتاکانی سکۆپەس وەردەگیرێت و پشتی بە توێژینەوەی زانستی و هەڵسەنگاندنی توێژینەوە و ژمارەی سایتەیشن و (H-index) بەستووە.

زانکۆ لە ڕانکەکاندا

Garmian
بەستەرەکانی سۆشیال میدیا
پەیوەندیمان پێوە بکە
ئیمەیل : info@garmian.edu.krd
مۆبایل : 009647702120160
ناونیشان : عێراق، هەرێمی کوردستان، کەلار، زانکۆی گەرمیان
زانکۆی گەرمیان - 2025