زانکۆی گەرمیان بەهاوبەشی بەشی میراتی کەلەپوری- ئەلما ماتەر ستۆدیۆروم- زانکۆی بۆڵۆنیای ئیتاڵیا و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپوری گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان، پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی بەناونیشانی (بوژاندنەوەی گەوهەرە مێژوویی و کولتورییەکان لەپێناو پەرەپێدانی داینەمیکی و بەردەوامی گەشتوگوزاریدا) لە مانگی ئایاری ئەمساڵ ئەنجامدەدات.
کۆنفرانسەکە لە ڕێکەوتی (٢٧-٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٥) لە کەلار بەڕێوەدەچێت و دواتریش توێژینەوە پەسەندکراوەکان لە ژمارەیەکی تایبەتی (گۆڤاری ئاران)ی زانکۆی گەرمیان بڵاودەکرێنەوە.
ئامانجەکانی کۆنفرانس:
1. تیشک خستنەسەر ستراتیجییەکانی هەماهەنگیی پاراستنی شوێنە شوێنەواری و مێژووییەکان لەگەڵ بەرهەم هێنان لە زیادکردنی خواست لەسەر گەشتکردن بۆیان، لەڕێگەی کەمکردنەوەی زیانە ژینگەیی و کەلەپورییەکان و بەرزکردنەوەی سوودە ئابووری و پەروەردەییەکان، بە جەختکردنەوە لە سیاسەت، پلاندانانی شارەکان و هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرەوپێشبردنی گەشتیاریی کەلەپوریدا.
2. لێکۆڵینەوە لە کاریگەریەکانی تەکنۆلۆجیای نوێ (ڕاستی گریمانەیی (VR) و ڕاستی بەرزکراوە (AR) و چیرۆکگێڕانەوەی دیجیتاڵی) لە پاراستن و پەرەپێدانی میراتی کەلەپوری (مەعنەوی و نامەعنەوی) و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری.
3. تاوتوێکردنی ڕۆڵی میراتی شوێنەواری و کەلەپوری لە بونیادنان و پاراستنی ناسنامەی کەلتوری و نەتەوەیی هاوبەشدا.
4. دەستنیشانکردنی کاریگەریی گەشتیاریی کەلەپوری لە فراوانکردنی تێگەیشتنی نێوان کولتورەکان و ڕۆڵی لە زیندووهێشتنەوەی یادەوەریی جینۆساید و پاراستنی ناسنامەی کەمایەتییە نەتەوەییەکاندا.
5. دیاریکردنی کاریگەری هۆکارە ژینگەییەکان، شەڕ و ململانێکانی مرۆڤ لەسەر تێکدان و شێواندنی شوێنە شوێنەواری و کەلەپوریەکان.
6. گرنگیدان به ڕۆڵی کۆمەڵگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرجەستەکردنی خۆڕاگری و پێشنیارکردنی چارەسەری پراکتیکی و داهێنەرانە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئەو میراتە میژوویی و شوێنەواریانەی مەترسیان لەسەرە، پشتبەستوو بە تەکنۆلۆجیا بۆ چاودێریکردن، تۆمارکردن و کەمکردنەوەی مەترسیەکان.
7. دەرخستنی کاریگەریی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان لە پاراستنی شوێنە شوێنەواری و مێژووییەکاندا.
8. لێکۆڵینەوە لەگرنگیی میراتی کولتوری نامەعنەوی، وەکو فێستیڤاڵ، پێشانگا کولتوریەکان و بۆنە و مەراسیمە مێژوویی و نەتەوەییەکان لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی، بوژاندنەوەی شوێنە شوێنەواری و کولتورییەکان و ڕەخساندنی هەلیکار و بوژاندنەوەی ئابوری.
ڕاگەیاندنی کۆنفرانس: ٢٠٢٥/١/٩
دواکات بۆ ناردنی پوختەی توێژینەوە: ٢٠٢٥/٢/٨
پەسەندکردنی پوختە: ٢٠٢٥/٢/١٦
دواکات بۆ ناردنی تەواوی توێژینەوە: ٢٠٢٥/٤/٢٠
کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانس: ٢٧-٢٨ /٢٠٢٥/٥
کلیک لێرە بکە بۆ چوونە نێو ماڵپەڕی تایبەت بە کۆنفرانس