بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان و ڕاگەیاندن دەستەیەکی کارگێڕییە لە زانکۆی گەرمیان خاوەنی تایبەتمەندی جیاوازە کە جیای دەکاتەوە لە باقی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی زانکۆ. ئەمەش بەهۆی توانای گەیاندنی پەیامی ئەکادیمیی دامەزراوەکە بە جیهانی دەرەوە و بەستنى پەیوەندییەکانی بەیەکەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئەحمەد محمد تۆفیق بەڕێوەدەبرێت بە هەماهەنگی و هاوکاری تەواو لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ و جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی بۆ گەیاندنی پەیامى زانستی، ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی، و ئامانجە کولتوورییەکان کە ئاواتەخوازە بە خوێندکاران و ئەکادیمییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە بەدەستی بهێنن.
پلانی ستراتیژی بەڕێوەبەرایەتی ئەم پایە سەرەکیانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:-
1. بەڕێوەبردنی هەموو لایەنەکانی پەیوەست بە ناونوسینی خوێندکاران، خوێندکارانی پێشوو(دەرچوان) و ستافی زانکۆ کە دەخوازن لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات بخوێنن، لە خولی ئاستی بەکالۆریۆسەوە تا پرۆگرامی پۆست گریجوەیpostgraduates ، دڵنیابوون لە پاڵپشتی هەمەلایەنە لە سەرەتای پرۆسەکەوە تا یەکسانکردنی بڕوانامە.
2. ڕاکێشانی زۆرترین ڕێژەی خوێندکار لە دەرەوەی وڵات بۆ زانکۆ بۆ تەواوکردنی خوێندن لە ئاستە جیاوازەکان و پسپۆڕی کە لە زانکۆدا بەردەستە. ئەمە جگە لە پێشکەشکردنی هەموو هاوکاری و ڕێنماییە پێویستەکان بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ کۆلێژ و بەشە ئەکادیمییەکان.
3. گرنگیدانی زیاتر بۆ دامەزراندنی هاوکاری نێودەوڵەتی سەبارەت بە جووڵەی خوێندکاران و کارمەندان بۆ مەبەستی ئەکادیمی و کولتووری و کێبڕکێ.
4. بەشداریکردن لە پڕۆژە ئەکادیمی و توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی پرۆگرامیErasmus+ یان ڕێکخراوی DAAD ی ئەڵمانیدا پارەیان بۆ دابین دەکرێت، پەرەپێدانی هاوبەشی لەگەڵ زانکۆ ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.
5. پێش دەستخستنی سکۆلەرشیپی نێودەوڵەتی لە وڵات و ڕێکخراوە جیاوازەکانەوە، لەوانەش سکۆلەرشیپی چێڤینینگی بەریتانی و فولبرایتی ئەمریکی، لە نێوان خوێندکارانی پێشوو(دەرچوان) و ستافی زانکۆ بۆ گشتگیری فراوانتر.
6. دامەزراندن و واژوكردنى ڕێککەوتنی ئەکادیمی و هاوبەشی لەگەڵ زانکۆ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و ئاسانکاری بۆ هەوڵە هاوبەشەکان لە بوارەکانی زانستی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ژینگەیی.
7. ئاسانکاری بۆ ئةنجامدانى کۆنفرانس و سیمینار و هاوکاری توێژینەوە و وۆرک شۆپی ڕاهێنان بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی توێژینەوەو هاندانی بەشداریکردنی مامۆستایان و دابینکردنی پشتگیری ڤیزا بۆ ئامادەبووان.
8. هاوکاریکردن لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرزکردنەوەی لایەنی توێژینەوەی خوێندنی پۆست گریجوەی postgraduates، لەوانەش خوێندنی دکتۆرا لە چوارچێوەی پرۆگرامەکانی دکتۆرا بە شوێنەکانی دابەشکراوSplit-Site ، جگە لە دابینکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ توێژەران بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ توێژەرانی دەرەوەی وڵات.
9. هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بەو سکۆلەرشیپ و زەمالەیانەی کە لەلایەن وڵاتانی بیانی یان زانکۆكانى دەرەوە ڕادەگەیەنرين و پێشکەش دەکرێن.
10. چاودێریکردنی پێشکەوتنی خوێندکارانی خوێندنى سەرەتايى يان خوێندنى باڵا لە دەرەوەی وڵات و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، هاوکات دڵنیابوون لە گەیاندنی نوێکاری و ڕێنماییەکان لە کاتی خۆیدا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بەتایبەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا و بەشى نيردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبيرى و کەلتوورییەکان لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا.
جگە لەوەش، یەکەی ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەرپرسیارە لە بڵاوکردنەوەی هەلی ئەکادیمی، خولی ڕاهێنان و بۆنە زانکۆییەکان لە دامەزراوە جیاوازە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، لەوانەش ماڵپەڕی زانکۆ و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا، هاوکات ڕووماڵکردنی سەرجەم چالاکیی و بۆنە زانکۆییەکان بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.