بە ئامادەبوونی (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، دووەمین فێستیڤاڵی کۆلێجی کۆمپیوتەر و تەکنۆلۆجیای زانیاری لە شاری خانەقین بەڕێوەچوو، کە تێیدا بەرهەمی کارو پرۆژە زانستییەکانی خوێندکارانی کۆلێجەکە نمایشکرا.
ڕۆژی سێشەممە (٦ی ئایاری ٢٠٢٥)، فێستیڤاڵەکە لە کەمپی خانەقینی زانکۆی گەرمیان بە ئامادەبوونی ڕاگری کۆلێجەکانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان، کۆمپیوتەر و تەکنۆلۆجیای زانیاری و کۆلێجی پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و خوێندکاران، بەڕێوەچوو.
لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاماژەى بەوەکرد، لە ئێستادا تەکنۆلۆجیا بە خێراییەکی بێوێنە گەشە دەکات، ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر، جیهان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پێویستی بە بیرۆکەی نوێ و چارەسەری داهێنەرانە هەیە، ئەو پرۆژانەی کە ئەمڕۆ نمایشیان دەکەن، نیشانەی هەنگاونانی خوێندکارانی زانکۆمانە بەرەو دروستکردنی ئەو داهاتووەی کە هەموومان خەونی پێوە دەبینین.
پرۆفیسۆر د.ئاراس زەینەڵ وتیشی: ئەم فێستیڤاڵەى ئێوە، دەرخەری ئەوەیە کە زانکۆکەمان لە ڕێگای ڕاستدایە، ئێمە وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی، هەوڵ دەدەین تەنها زانیاری پێشکەش نەکەین، بەڵکو دەمانەوێت ڕێگاکانی داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چارەسەرکردنی کێشەکان فێری خوێندکارەکانمان بکەین.
لە کۆتایشدا هیوای خواست فێستیڤاڵەکە ببێتە پردێک بۆ هەلی کار و پەرەپێدانی زیاتری پرۆژەکانی خوێندکاران، هەندێک لەو پرۆژانەی کە ئەمڕۆ لێرە نمایشکراون، دەکرێت ببنە بنەمای کۆمپانیا و کاری سەرکەوتوو لە داهاتوودا.
دواتریش سەرۆکی زانکۆ، پرۆژە زانستی و تەکنۆلۆجییەکانی خوێندکاران و پۆستەری پرۆژەکانی دەرچوونی لە بوارەکانی زیرەکی دەستکرد و تەکنۆلۆجیای زانیاری بەسەرکردەوە، لە بەشێکی دیکەى فێستیڤاڵەکەدا پێشبڕکێی زانستی لەنێوان بەشە زانستییەکانی کۆلێجی کۆمپیوتەر و تەکنۆلۆجیای زانیاری ڕێکخرا.