ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی (٢٠٢٤/١٠/٢٣) لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولی حەوتەمی پێداگۆجی دابەشکرا.
لە مەراسیمەکەدا کە هەریەک لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێجەکانی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەت و زانست و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشە زانستییەکان ئامادەیبوون و لەهۆڵی شێرکۆ بێکەسی کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت بەڕێوەچوو، بڕوانامە بەسەر (٧٠) بەشداربوونی خولی پێداگۆجی دابەشکرا، کە لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجی و پەرەپێدانی ئەکادیمی زانکۆمانەوە، ڕاهێنانیان پێکرابوو.
لە وتەیەکدا، (پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ) باسی لە ڕۆڵ و گرنگی خولی پێداگۆجی لە باشترکردنی کوالێتی خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و زانیاری و لێهاتوویی مامۆستا و خوێندکار کردەوە، هاوکات سوپاس و دەستخۆشی لە ستافی بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری پێداگۆجی زانکۆی گەرمیان کرد و وتی: جێی شانازی زانکۆیە کە ستافی سەنتەرمان لەسەر ئاستی وەزارەت و زانکۆکانی هەرێمدا یەکێکە لە باشترین سەنتەرەکانی ڕاهێنانی پێداگۆجی و جەختیشیکردەوە، لەو پێناوەشدا وەک سەرۆکایەتی زانکۆ پاڵپشت و هاوکار دەبین بۆ باشترکردن و دابینکردنی هەر پێداویستییەک کە لە خزمەت سەنتەرەکەدا بێت.
لە کۆتایی مەراسیمەکدا، لەڕێگەی نمایشکردنی پۆستەرەوە هەر گروپێکی بەشداری خولەکە، پرۆژەی کۆتایی خۆیان نمایشکرد.